وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسی خۆی ڕایگەیاند: واشینگتۆن، سزای قورسی بەندکراوانی سیاسیی ژنی کورد کە بە بێ دادگاییکرانی دادپەروەرانە لەلایەن دەزگای قەزایی رژیمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت مەحکووم دەکات.
ئامریکا لەسێدارەدان و دەرکردنی سزای قورس دژی ژنانی کوردی لە بەندیخانەکانی رژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران کرد کە کۆتایی بە "هەلاواردنی سیستماتیک دژی کەمینە نەتەوەییەکان" بێنێ.
لەم نووسراوەیەدا هاتووە: ئامریكا داوا لە رژیمی ئێران دەکات کە هەموو بەندکراوانی سیاسی کە بە ناحەق گیراون، ئازاد بکات.
لە حەوتووەکانی رابردوودا هەواڵی سزادرانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی بە تۆمەتی ساختەی "بەغی" و سەپاندنی بە سزای لەسێدارەدران کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.