گرووپێکی پێکهاتوو لە ٣١٣ کارناسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبێل لە نامەیەکدا بۆ ڤۆڵکر توورک، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواکاری مێکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن و کۆتایی پێهێنانی جینایەتەکانی ڕژیمی ئێران بوون.
ئەم گرووپە لە نامەکەدا باسیان لە ٤٥ ساڵ تاوان و جینایەتی ڕژیمی ئێران و لەوانە تاوان بە دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید و بەتایبەتی کوشتارەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ئێران کردووە کە زیاتر لە ۳۰هەزار بەندکراوی سیاسی بەدەستی ڕژیمی ئێران کۆمەڵکوژ کران.
نووسەرانی نامەکە بە ئاماژەدان بە شەش ساڵ چالاکیی جاوید ڕەحمان، هەواڵدەری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران و بەرزنرخاندنی ئەرک و چالاکیەکانی، ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی هاوکاریکردن لەگەڵ مای ساتۆ کە لەئێستادا ئەو ئەرکەی ڕەحمانی پێی یە، تاکوو پێش لە پارێزراویی ڕژیمی ئێران بۆ تاوانەکانی بگرن.
نووسەرانی نامەکە زیادیان کردووە کە جاوید ڕەحمان کولتووری پارێزراویی لە سزای بۆ دەسەڵاتی ئاخوندی بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە و لە ڕاپۆرتەرکانی خۆیدا پێداگری لە بێسەروشوێنکردنەکان، بەندکرانی هەزاران بەندکراوی سیاسی بێتاوان و لەسێدارەدانە نایاساییەکانی ساڵی ١٣٦٧ وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی کردووە.
جێی ئاماژەیە کە جاوید ڕەحمان لە جۆزەردانی ئەمساڵدا لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ ڕایگەیاندبوو کە توێژینەوەکانی دەریخستووە، کوشتنە بەکۆمەڵەکان، شکەنجە و کردەوە نامرۆڤانەکانی دیکەی ڕژیمی ئێران لەهەمبەر کورد و بەهاییەکان، بە ئامانجی جینۆسایدکردن ئەنجام دراوە.
لە ئێستادا ئەم ٣١٣ کەسە بە واژۆکردنی ئەم نامەیە پێداگریان لەوە کردووەتەوە کە ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە قەیرانی پارێزراوی ڕژیمی ئێران لە سزای تاوانەکانی.
ئەم کەسانە لە نامەکەدا خوازیاری ئەوە بوون کە ڤۆلکر توورک لەپێگەی خۆی کەڵک وەربگرێت و داوا لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات تاکوو میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ وڵامدەركردنی ڕژیمی ئێران پێک بهێنن.