لێکۆڵینەوەکانی کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران دەریدەخات کە لە ١٠ی جۆزەردانەوە تا ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لانیکەم ٣٤ زیندانیی سیاسی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و بە ئەنقەست لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە گونجاوەکان، لەوانەش دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان یان ڕەوانەکردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکان لە دەرەوەی زیندان بێبەشن.
کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ ساڵی ١٤٠٣ بڵاو کرایەوە، هۆشداری دا کە درێژەدان و چڕبوونەوەی ئەو سنووردارکردنانە ژیانی زۆرێک لە زیندانییانی سیاسیی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سیستمی قەزایی رژیمی ئاخوندی ئێران و کاربەدەستانی ڕێکخراوی زیندانەکان، لە ڕێگەی سەپاندنی ئەو فشارانە، هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی زیندانییانی سیاسی دەدەن کە بەرامبەر بە چەندین حوکمی ئێعدام و حوکمی سەرەڕۆیانەی دادگاکان ناڕەزایەتی دەر دەبڕن.