سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە گرتنی موحسین ئیسفەندیاریتەبار، سەرهەنگی ئەرتەشی رژیمی ئێران و لوتفوڵڵا پەرویز لە لایەن ئیتلاعاتی سپای کرماشانەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکاریان بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان بەبێ ئاکام ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان،لوتفوڵڵا پەرویز و موحسین ئیسفەندیاریتەبار سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە گرتنیان نە تەنیا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کەسوکاریان نەبووە بەڵکوو لە کاتی ڕۆیشتنی خانەوادەکەیان بۆ ئیتلاعاتی سوپای پارێزگاش ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر گرتنی ئەو دوو کەسە نییە و هەر ئەوە نیگەرانیی زێاتری کەسوکاریانی لێکەوتۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەو دوو هاووڵاتییە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەبەر کامێراکاندا لەژێر شکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکان داندراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: "سپای تیرۆریستی پاسداران لە هەوڵدایە بە تۆمەتی بێبنەما دژ بەو کەسانە، چالاکییەکانیان بە سووکایەتیکردن بە خەڵک و سەرکردەکان، باج وەرگرتن و ئاگرکردنەوە پەیوەندی بدات و بەمەبەستی تێکشکاندنی کەسایەتی و سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی دژ بەو کەسانە دۆسیە ساز بکات. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا دژ بە چالاکانی سیاسی خەڵکی گیەڵان و دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیش دۆسیە ساز کراوە".