هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
بیست و پێنجی خەرمانانی ئەمساڵ، دوو ساڵ بەسەر شەهید کرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، تێدەپەڕێت و وێڕای بوونی هەزاران شەهید و قوربانی، ئەو شۆڕشە ئازادیخوازانە هەر بەردەوامە.
شۆڕشی ژینا بڵێسەی ئاگری توڕیەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێرانە کە زیاتر لە ۴۵ ساڵە دژ بە ملهوڕی و جینایەتەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی لەئێران دا ڕاوستاون و دژ بە زوڵم زۆرداری ئەو دەسەڵاتە چەقۆکێش و دژە مرۆڤە، خەبات دەکەن.
شۆڕشی ژینا هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی کۆمەڵگەی زۆڵم لێکراوی نیشتمانەکەمان بوو. شۆڕشی ژینا کە لە شاری سەقز و لە کوردستانەوە سەریهەڵدا، زۆری نەخایاند کە هەموو ئێرانی گرتەوەو ڕژیمی هەتا لێوارەی ڕووخان برد. ئەم شۆڕشە مەزنە دەرخەری یەکێتی و تەبایی هەموو نەتەوەو ئایین و چین و توێژەکان لەسەراسەری وڵات بە پێشەنگی ژنان و لاوانی بوێرو چاونەترس و مافویست بوو کە ژیانی ئازاد و دیموکراسی لە وڵاتی خۆیان دا بەمافی خۆیان دەزانن و بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان هەموو فیداکاریەک دەکەن.
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!
بەدڵنیاییەوە فیداکاری و خۆنەویستی ئێوەی بوێر و نیشتمان پەروەر، بێ ئاکام نابێت و خەڵکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی وڵات، هەتا بەئاکام گەیشتنی شۆڕشی ژینا، لەسەر ئەم ڕەوتە مافخوازانە بەردەوام دەبێ.
ئەگەرچی فشارەکان دەسەڵات بۆ سەر چالاکانی سیاسی و خەڵکی تێکۆشەر زۆرتر بوەو ئەو ڕژیم ەلەڕێگەی دەست و پەیوەندەکانی بەنیازە فشاری بەربڵاوتر دەخاتە سەر سازمان و حیزب و جەریانە سیاسیەکانی كوردستان و ئێران، بەڵام هەستی ئازادیخوازی لەناخی تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان قەد نامرێت و بەردەوام دەبین هەتا گەیشتن بە ئازادی یەکجاریی و ڕوخانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە ئێراندا.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، لەدووهەم ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ههروهها بۆ پشتگیری و پشتیوانی داوای بانگهوازی رێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان، له ئێران و کوردستان دا، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان ، ئەندام و لایەنگرانی سازمان لە ناوخۆ دەكات بۆ سەرخستنی مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕ لە ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی خەرمانان ۱۴۰۳ تێبكۆشن و هەروەها سەردانی مەزاری شەهیدان و خانەوادەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی لە ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۱۴۰۳ دا، ئەمەک، وەفا و هاوپەیمانی بۆ شەهیدانی بزاڤی مافخوازانەو ئازادیخوازی دووپات کەینەوەو هاودڵی و هاوتەریبیمان لەگەڵ خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی ماندوو نەناس و خۆنەویست لە ڕیزەکانی شۆڕش دژ بە داگیرکەری دڵ پڕ لەقین نیشان بدەین.
بێگومان لە شۆڕشی ژینادا باشتر لەهەموو کاتێک هاوکاری و هاودڵی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی، خۆی نواند و سەلماندی کە پیلانەکانی دژمن کار ناكاتە سەر ئیرادەی میللەتی هوشیارو چاوكراوە. دڵنیاین که دەسەڵاتی لەناخەوه ڕزیو و پوکاوی ئاخوندی لەوە زۆرتر بەرگەی ئیرادەی پۆڵایینی خەڵک و هاودڵی و تێكۆشانی هاوبەشی ئازادیخوازانی قارەمان و خۆڕاگر ناگرێ و هەر وەک چۆن دەسەڵاتی پاشایەتی لە گۆڕ نرا،ڕژیمی ئاخوندیش لە گۆڕ دەنرێ و دخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.
سەرکەوێ مانگرتنی تێكڕایی و جەماوریی لە كوردستان
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومسیۆنی تەشكیلات
۲۳ی خەرمانان ۱۴۰۳