پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات یەكەم تروسكەی هیوا

10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات یەكەم تروسكەی هیوا
سیامەند


10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات یەكەم تروسكەی هیوا
سیامەند
لە دوای كۆتایی هاتنی ووتوێژی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی كورد لە گەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران و قەبوڵ نەكردنی داوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان لە لایەن حكومەتی ئاخوندەكان، خومەینی ڕێبەری ڕژیم بە بێ‌ هیچ پاساوێكك و بە دوور لە هەموو بنەما ئیسلامی و قانونیەكان، لە 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1358 كۆچی خۆری فەرمانی جیهادی لە دژی جەماوەری كوردستان ڕاگەیاند. فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی دانیشتوانی كوردستان كە زۆرینەی موسڵمانن، بووە سەرتای سەپاندنی جەنگێكی ناڕەوا لە دژی خەڵكی كوردستان كە لە 28 گەلاوێژی 1358 تا ئێستا درێژەی هەیە.ئەو بڕیاڕە جینایەتكارانەی خومەینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆڕاگری و شۆڕشی خەڵكی مافخوزای كوردستان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە بەرانبەر هێزی تاوانكارو داگیركەر.
 هێرشی هێزی بەكرێگیراوی دژمن و داگیركردنی بەشێكی بەرچاو لە خاكی كوردستان، تاوانكاری هێزی پاسداڕو بەكرێگیراوی ڕژیم و سەركوتی هاونیشتمانیانی كوردستان وتەقەی هەڕەمەكی و شەهید كردنی كوردی بێ‌ تاوان و ئیعدام و شكەنجەی تێكۆشەران، هیچ ڕێگەیەكی بۆ خەڵكی كوردستان و سازمان و لایەنە سیاسیەكان نەمایەوە بێجگە لە ڕێگەی خەبات و بەربەرەكانی لە بەرانبەر دژمن دا. هەر لەو چوارچێوەیەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كەم ئەزمونی لە جەنگ و ڕوبەڕوبونەوەدا وەك پێویست نەتواندرا لە بەرانبەر داگیركەردا خۆبگرن. 
هێزی پێشمەرگە دوای بەجێهێشتنی شارەسەرەكیەكان چوونە چیاكانی كوردستان و لە ماوەی نزیك بە دوو مانگ خۆیان سازماندایەوەو بوونە هێزێكی بە ئەزمونتر لە باری شەڕو ڕوبەڕوبونەوە لە بەرانبەر هێزی دژمن دا. پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەددین بە ڕێبەرایەتی سیاسی و پشتگیری مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی لە چەندین شارو ناوچەی كوردستان زەربەتیان لە هێزەكانی دژمن وەشاندو ئەو شەڕو روبەڕوبونەوە پارتیزانیانە تتەجروبەیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەو بەربەرەكانی زیاتر كرد.
مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی بە خوێندنەوەی هەلومەرجی ئەو كاتی كوردستان و ئامادەیی و توانای هێزی پێشمەرگەی كوردستان و زانینی ئەو ڕاستیەی كە لە ئێستادا باشترین هەل و دەرفەتە، بە پشتیوانی جەماوەر، جارێكی دیكە پێشمەرگەكانی كوردستان بگەڕێنەوە شارەكان، هەر بۆیە بەڕێزیان لە 8ی خەزەڵوەر لە ڕاگەێندراوێكدا داوای لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزو لایەنە سییاسیەكان كرد لەجێژنی قوربان،  هاوكات بوو لە گەڵ ڕۆژی 10ی خەزەڵوەر بگەڕێنەوە شارەكانی كوردستان و داوای لە جەماوەری كوردستانیش كرد لە ڕۆژی جێژنی قورباندا جەماوەر بچنە گۆڕستانەكان و سەر گۆڕی شەهیدان.
پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات كە لە ناوچەكانی كوردستان لە هەڵسوڕان و چالاكیدا بوون، خۆیان سازماندا و بە شێوەی نهێنی چوونەوە شارەكانی كوردستان، مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی ڕێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات كە ئەو كات لە نزیك شاری بانە بوو ئامادەكاری دەكرد تا لە ڕۆژی 10ی خەزەڵوەر واتە یەكەم جێژنی قوربان بچێتە گۆرستانی سلێمان بەگی بانە.هاوكات ژمارەیەك لە پێشمەرگەكان لە شاری بانەو دەوروبەری جێگیر بوون. هێزێكی زۆری دژمن بە ناوی هێزی قودس(گاردی جاویدان) لە سەردەشت بەرەو بانە دەهاتن كە لە پێچەكانی هەژدە دۆڵان و پێچەكانی كەوپێچ كەوتنە كەمینی پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات و زەربەتێكی كاریان لێدرا كە بە داخەوە لە ڕوبەڕوبونەوەی پێشمەرگەكان بە فەرماندەیی شەهید كاك عەبدولكەریم حوسەینی و كۆچ كردوان ڕەشید بەگی دارێنەو و قادراغای سیاومە لە هەژدە دۆڵان و كەوپێچ و هەروەها بە تەقەی هیلیكۆپتێری دژمن لە گوندی سیاومە نۆ 9 پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەكانی شەهید حوسەین حوسەینی،شەهید ڕەسوڵ ساڵحزادە،شەهید جەلال محەممەد پوور،شەهید جیهانگیر مەولانی،شەهید ئەحمەد ئەحمەدی، شەهید كەریم ئەحمەدی، شەهید حەسەن مەولانی لە نێوان هەژدە دۆڵان بۆ كەوپێچ شەهید بوون و شەهید عەبدوڵامستەفایی لە كاتێكدا لە گوندی سیاومە تەقەی لە هیلیكۆپتێری دژمن دەكرد،بە تەقەی هیلیكۆپتێری دژمن شەهید بوو. 
هێزی دژمن كە لە هەژدە دۆڵان و كەوپێچ زەربەتیان خواردبوو هەروەها لە خۆبایی ببون بەرەو شاری بانە هاتن و لە دەروازەی شاری بانە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بە تەوای گەمارۆدران و توانای خۆڕاگریان نەماو زۆربەیان كوژران و ژمارەیەكیان ئەسیر كران و دەیان ماشین و ئوتۆمبیلی سەربازی و تانگێك لە جۆری ئیسكۆرپین سوتێندرا.
جێگەی ئاماژەیە مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی لە گۆرستانی سلێمان بەگ، پێشوازیەكی بەرینی جەماوەری لێكرا،بەڕێزیان ووتارێكی سیاسی بە هێزو پڕناوەرۆكی پێشكەش كرد و مقاومەت و خۆراگری لە بەرانبەر دژمنی قین لەدڵ ودیكتاتۆری بە ئەركێكی نیشتمانی و ئایینی زانی و داوای لە جەماوەر كرد لە پێناو هێنانە دیی مافەڕەواكانیان بەردەوام بن لە تێكۆشان و خۆڕاگری و شۆڕشی پیرۆز.

پەیام و ئاكامەكانی شەڕی قارەمانانەی جێژنی قوربان لە 10ی خەزەڵورە 1358
1.سەركەوتنێكی گەورەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بە تایبەت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو لە بەرانبەر هێزی زۆری دژمنی  تەیار بەچەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو.
2.ئەو سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، پەیامێكی ڕوونی شۆڕشگێرانە بوو بە دەسەڵات كە ناتوانی لە ڕێگەی توندوتیژی و بە هێرشی سەربازی و  فەرمانی جیهادی ناڕەوا، خەڵكی كوردستان لە مقاومەت و خەبات لە پێناو گەیشتن بە مافەكانی، پاشگەزبكاتەوە.
3.دوای سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، خومەینی ناچار بوو بڵێ‌ خەڵكی كوردستان من دەنگی ئێوەم بیست و داوای ئاگربەست و ووت وێژ لە گەڵ نوێنەرانی خەڵكی كوردستان بكات. بەو پێی یە،دەركەوت  ئەو دەسەڵاتە تەنیا زمانی زۆر حاڵی دەبێ‌  و لە بەرانبەر یەكگرتوویی جەماوەرو هێزی پیشمەرگە مل كەچ و بێ‌ توانایە.
4.ئەو سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، دەكرا بكرێتە هەوێنی یەكگرتوویی پشتیوانی و پێشوازی لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان و ببێتە هۆیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی و هاوكاریی، چونكە وەك لە خاڵی سێهەمدا باسكرا،بە یەكیتی و هاوكاری نێوان پێشمەرگەو خەڵك،ئەو سەركەوتنە گەورەیە تۆمار كرا، بەڵام بە داخەوە لە دوای ئەو قارەمانیەتیە كەم وێنەیەو ئەو شكستە گەورەیەی ڕژیم بەرپرسی یەكەمی لایەنێكی سیاسی كوردستان بە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی ڕاگەیاند كە جەنگی شۆڕشگێڕانەی جێژی قوربان جینایەت بووەو ئەوان بەشداریان تێدا نەكردوە.
5. پەیامێكی گرینگی دیكەی جەنگی پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات لە 10ی خەزەڵوەر تەنیا بە لایەنی نیزامی و كاری پێشمەرگانە نەبوو بەڵكوو بە لایەنە سیاسیەكەی بایەخەكەی بەدیار كەوت و تا ئیستاش كە زیاتر لە 45 ساڵ بە سەر ئەو سەركەوتنەدا تێ‌ دەپەڕێ‌ پەیامە سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەییەكانی دیارن. بە تایبەت لەو سۆنگەیەوە كە مامۆستا شێخ عیزدەددین و مامۆستا شێخ جەلال كە دوو مامۆستای شۆڕشگێرو ئایینی، پێشڕەوایەتی ئەو كردەوە گەورەو نیشتمانیەیان كرد، توانیان بە بانگەوازەكانیان، بەشداری زۆربەی چین و توێژەكان و بیروباوەڕەكان لە چوارچێوەی ئەو ئەركە گەورەو نیشتمانیەدا، شەقاوێكی گەورە لە پڕۆسەی شۆڕشی مافخوازنەی خەڵكی كوردستان بهاوێژن كە تا ئێستاش كاریگەری و ئاسەواری باشی ئەو داستانە سیاسی و پێشمەرگانەی تێكۆشەرانی ڕێبازی سازمانی خەبات لەبەر چاوەو دەردەكەوێ‌. 
هەر لە بەر ئەو راستیانەو پەیامە هەمەجەشنەكانی داستانی 10ی خەزەڵوەر، جێژنی قوربانی 1358 كۆچی خۆریە كە سازمانی خەبات بڕیاری دا، یادی ئەو حەماسە سیاسی و پێشمەرگانەیە بە ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بناسێنێ‌.

18 ڕۆژ و 4 کاتژمێر و 53 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات یەكەم تروسكەی هیوا

10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات یەكەم تروسكەی هیوا



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن