خەباتمێدیا: بەرێز کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێرای شاندێکی هاورێی لە بارەگای سەرکردایەتی پێشوازیی لەشاندێکی دەفتەری سیاسی ک
خەباتمێدیا: بەرێز کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێرای شاندێکی هاورێی لە بارەگای سەرکردایەتی پێشوازیی لەشاندێکی دەفتەری سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان کرد.
لەو دیدارە دۆستانەیە دا چەندین تەوەری جێی بایەخی دوو لایەن قسە و ئاڵوگۆری بیرورای لەسەر کرا. بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات لەسەرەتای دیدارەکە دا وێرای بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوان لەسەر چەندین باسی گرینگی رۆژ وەک دۆخی ئێستای ئێران و جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی کورد و پێوەندییەکانی نێوان هێز و ولایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران، هەڵویست و بۆچوونەکانی سازمانی خەباتی هێنایە بەرباس. کاک بابەشێخ پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە گرینگ زانی و کارو چالاکی ئەو ناوەندەی لە ماوەی دووساڵی رابردوو بە سەرکەوتوو زانی،بە تایبەت کە کارەکانی ناوەندی هاوکاری لە سەر بنەمای تەوافق و رێکەوتنی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری ناوەند دارێژراوەو، ناوەندی هاوکاری تێکۆشانی بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کوردو روخانی رژیمی ئاخوندی و دەستەبەرکرانی حکومەتی دیموکراتیک و سکولار لە ئێراندایە.لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی بەرێزیان، هاوپەیمانی نێوان سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بە گرینگ بۆ جوڵانەوەی مافخوازانەی کوردو جوڵانەوەی سەرانسەریی لە ئێران زانی و هەروەها پێداگری لە سەر تێکۆشانی هەمەلایەن بە مەبەستی روخانی رژیمی ئاخوندی و رەد کردنەوەی هەر جۆرە ووت وێژێک لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی و ستەمگەری ئاخوندی کردەوە. هاوکات شاندی کۆمەڵە بەسەرپەرەشتی بەرێز کاک عەبدوڵلای ئازەربار ئەندامی دەفتەری سیاسی بۆچوونی کۆمەڵەیان لەسەر باس و قسەکان خستە روو. دوو لایەن لەسەر زۆربەی باسەکان هاوبۆچوون و هاوڕا بوون و پێداگرییان لەسەر تۆکمەتر کردنی پێوەندی نێوان هێز و لایەنەکانی کوردستانی ئێران کرد و بوونی روحی خوێندنەوە و رێزگرتن لەیەکدی و پلورالیسمیان بە هەوێنی وەدیهاتنی یەکێتیەکی پایەدار و قایم زانی.
لەکۆتایی دیدارەکە دا دوو لایەن لەسەر پێوەندیی و دۆستایەتیە لەمێژینەکەی نێوان سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێداگرییان کرد و شاندی میوان بەرێزەوە بەرێکران