موجاهید کوركور، تۆمەتبار لە دۆسیەی کیان پیرفەلەك، جارێکی دیکە لەلایەن سیستمی گەندەڵی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو یەکێکە لە بەندکروەکانی شۆڕشی ژینا و لە ئێستادا دوو ساڵ و ١٠ ڕۆژە لە زینداندایە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، حوکمی لەسێدارەدانی موجاهید کوركور، تۆمەتباری سیاسیی زیندانیکراو لە زیندانی شیبانی ئەهواز، لە سێهەمین ساڵی زیندانیکردنیدا، جارێکی دیکە لەلایەن لقی سێی بێدادگای بە ناو ئینقلابی ئەهوازەوە راگەیندرا.
نیگار کوركور خوشکی موجاهید كوركور لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی "بەپێی دوایین زانیارییەكان موجاهید جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە".
موجاهید کوركور لە لایەن بێدادگای بە ناو شۆڕشی ئەهوازەوە بە تۆمەتی "شەڕ و گەندەڵی لە سەر زەوی" حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم حوکمە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە ڕەوانەی هەمان لق كرایەوە.