هۆگر
کێ خۆی نووسیوە ؟ کێ دەنگ ئەدات ؟ پێتان وا نییە ئەم بابەتە ئیتر بۆتە باسێکی قێزەون. کێن ئەو کەسانەی خۆیان بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی قەسابخانەی پارلەمان نووس
هۆگر
کێ خۆی نووسیوە ؟ کێ دەنگ ئەدات ؟ پێتان وا نییە ئەم بابەتە ئیتر بۆتە باسێکی قێزەون. کێن ئەو کەسانەی خۆیان بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی قەسابخانەی پارلەمان نووسیوە. ئەوە نییە لەوێ پەسندی قەسابی گەورە دەکەن و پێی هەڵدەڵێن و جلی پاسدارەکان لە بەر دەکەن. پێتان وا نییە ئەوانەی چوون قامکیان لە ژێر وەرەقەی بڕوای تەواو بە وەلی فەقێ لێداوە سزاواری ئەو جنێوانە ڕووتانەن کە لە کۆڵان و شەقامەکاندا پێیان دەوترێت. ئەوان شایەنی ئەو نزا و سینگ لێکوتانەن کە دایکی شەهید لێیان دەکەن...خۆ دەنووسن لە سەر خوێنی هەزاران لاو، لە سەر تەمەنی بە فیڕۆ چووی هەزاران دیل، دەچن خۆ بنووسن وەک سەرباز لە خزمەتی رژیمێکدا بن کە لە تەوای جیهان لێی بە نەفرەتن. بە هیوان بچن چ بکەن؟ بۆ تا ئێستا چی کراوە . دیارە دەچن بۆ چی... دەچن بۆ دروست کردنی هەزاران رووت و برسی تر، بۆ بە قوڕدا بردنی کۆمەڵگەیەکی هەتک کراو و سەربڕینی هیواکانی بەرەیەکی فەلاقە کراو، دەچن خۆ تەیار دەکەن و دەلەوەڕن بۆ ئەوەی زیاتر بدزن، بۆ ئەوەی زیاتر تەعەدا بکەن، زیاتر شەرافەتی خاک و خەڵک بفرۆشنە بێگانە. کارەساتی خۆ نووسین بۆ پارلەمان ئێتر جێی پێکەنین نیە، جێی سووکایەتی پێکردنە، جێی داوەشانە،کارەساتە. ئەوەی خۆ دەنووسێت جێی فەرامۆش کردن و واز لێ هێنان نیە چوونکا ئەوەی خۆ دەنووسێت هێند بێعار و بێ ویجدانە کە بە جنێو و قسەی ڕەق ناسڵەمێتەوە و دەروونی وەخەبەر نایەتەوە، چونکە تەماعی پارە و کورسی چاوی لە هەمبەر مرۆڤایەتی و ویژدان کوێرکردووە. ئەوانە بۆ پارە و کورسی و ناو و...نیشان زوڕنای بێعاری خۆیان لێ دەدەن و لەم کاتەدا و لە مێژووشدا روو ڕەش و سووتاون و بەر نەفرەتی ئەو دایکانە دەکەون کە ڕۆڵەکانیان لەناو زیندان و لەسەر شەقامەکان کوژراون، بەر نەفرەتی ئەو مناڵانە دەکەون کە باوکیان هەموو سامانی لەدەست داوە، بەر نەفرەتی ئەو ژنانە دەکەون کە ماف و کەس و کاریان لێ ستاندراوەتەوە، بەر نەفرەتی ئەو جیلە نوێیە دەکەون کە چی تر لەم باڵماسکە و شانۆیانە فریو ناخوات و بەرامبەریان دەوەستێتەوە. ئەوان دەچن درێژە بەو بارە و هەلومەرجە بدەن کة بۆتە هۆی سووتانی زەوی و زارەکان و ژینگە و دارستانەکان. دەچن ئەو بڕیارانە پەسند بکەن کە سوپا و ئاخوندەکان بۆیان دەنووسن. ئەو گەڵاڵانە پەسند دەکەن کە بە زیانی چینی هەژار و کرێکارانە. دژی ژنان و لاوان ، دژی کەمینەکان و بیرە جیاوازەکان ، دژی ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایەتی هەنگاو هەڵدەهێننەوە.
ئێمە ناچین ...کورد دەیان ساڵە کە نە خۆی بە خاوەنی ئەو شانۆیە دەزانێت و نە حەز دەکات بینەری وەها شانۆیەک بێت . با بینەرەکان هاوکاریان نەکەن .
ئەوانەی کە دەچن دەنگ ئەدەن پێ لە مافی خۆیان دەنێن و خۆیان دەکەنە شەریکی کارەبەدەستان و نوێنەرانی ڕژیم. ئەوەی دەچێ دەنگ ئەدات، دەبێتە شەریکی ستەمگەری. خۆی دەکاتە هاودەستی ئەو کوشتارو کارەساتەی قەوماوە یان دەقەومێت .خۆی دەکاتە پەیژەی نەزان و نەزانەکان. بە دەنگدانی بە ڕژیم کەسانی بێشەرم و هەل پەرەست دەخاتە سەر کورسی . بە هاوکاری حکومەت لەو هەڵبژاردنە بێمانایە خۆی دەکاتە مەڕ و گورگەکان دەنێرتە سەر کورسی، خوێ دەکاتە رەعیەتی بێ ئیش و سەرمایە و فئودالەکان دەکاتە خاوەن زەوی زیاتر، خۆی دەکاتە قاشمە جاڕی دەسەڵات و وزە و دەسەڵات لە خۆی دەستێنێتەوە . ئێمە وەک کورد وەک ئۆپۆزسیۆن دەنگمان ئەدەین بە ڕووخانی رژیم . دەنگ نادەین بە ئاخوند و پاسدار و دەست و پێوەندەکانیان . دەنگ نادەین بە ستەمگەری و ملهوڕی . دەنگ دان بە رژیم یانی پەسەند کردنی تەقە کردن لە کۆڵبەرەکان یانی تەئیدی هەموو سیاسەتەکانی رژیمی فاشیستی مەزهەبی ئێران. یانی ڕازی بوون بە کوشتنی لاوەکان .ئێمە یەک دەنگمان هەیە دەنگی ئێمە بایکۆتی شانۆی خوێناوەی هەڵبژاردنەکانە.