ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئەندامانی ئیدارەی ترەمپ بە ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە نەهێنێت، واشنتن دەستبەرداری دەوڵەتی جوولەکە دەبێت.ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگ کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت، بەڵام ئەو ئیرادەی سیاسی نییە.دەشڵێت: ناتانیاهۆ بیرۆکەی دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە ئێوارەی یەکشەممە بەڕێوە چوو، وەک تەنیا فۆرماڵیزمێک پەرە پێ دا.سەرچاوەکە وتیشی: فشارەکانی ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادی کردووە، کاتێک ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشت کردووە بۆ بۆمبارانکردنی سەر غەززە و لە خاڵی نەگەڕانەوە لە شەڕەکەدا نزیک بووەتەوە. لە ماوەی حەوتوی ڕابردوودا، حکوومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بێدەنگییەکی دیپلۆماسی پاراستووە، هاوکات ترەمپ لە لێدوانێکیدا بڵاوی کردەوە، گریمانەکانی ئیسرائیلی لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەیان لەگەڵ گرنگترین هاوپەیمانەکانیدا هەژاندووە. ئەمەش کاتێک ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی جوولەکەی بەدەر کرد لەسەردان کردنی، تەنیا سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیماراتی کرد.ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی فشاری توندڕەوانی ئایینی- نەتەوەپەرست دەبێتەوە لە حکوومەتەکەیدا، کە پێداگری لەسەر درێژەدان بە شەڕی غەززە دەکەن تا حەماس بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شکست دەهێنن، هەروەها لەلایەن باقی دانیشتوانی ئیسرائیل، تادێت بێزار دەبن لەو ململانێیەی کە زیاتر لە 18 مانگە بەردەوامە.