خەباتمێدیا: دوایی تێپەربوونی یەک مانگ بە سەر گیرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان، جەنازەی ئەو هاووڵاتیە لە نزیک بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.
خەباتمێدیا: دوایی تێپەربوونی یەک مانگ بە سەر گیرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان، جەنازەی ئەو هاووڵاتیە لە نزیک بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.
هەواڵدەری هەنگاو: ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧١٩، جەنازەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا بە ناوی “ئێرشاد ڕەحمانیان” کە لە خۆنیشاندانەکانی مەریوان گیرابوو، لە بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.
ئێرشاد ڕەحمانیان تەمەن ٢٨ ساڵ و دەرچووی بەشی ئورژانسی پزیشکی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە کاتێکدا دایکی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بردبوو بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان، گیراوە و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیار بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ڕەحمانیان ڕاگەیاندووە جەنازەی ئێرشاد لە کاتێکدا دۆزراوەتەوە کە دەست و لاقی شکاوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.
ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە ناوەندە ئەمنیەکان هەڕەشەیان لە خانەوادەی ناوبراو کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی بە میدیای بکرێت و دەبێت وەکوو خۆکوشتن لە قەڵەم بدرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە دوهەمین حاڵەتە کە ناوەندە ئەمنیەکان بە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خۆنیشاندانەکان ڕادەگەیێنن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت کە مەرگی منداڵەکەیان وەکوو خۆکوشتن ناوببەن.
پێشتر بنەماڵەی سەجاد ئیسماعیلی لە ئیلام لە ژێر هەڕەشە، کوژرانی کوڕەکەیان کە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی دابوو، وەکوو خۆکوشتن ڕاگەیاندبوو.