مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک درێژەی هەیەو لەو پەیوەندیەدا سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی جووتیارانی سەوزە و میوە، پچڕانی گواستنەوە و بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کەلوپەلی ڕاگەیاند. ئەکبەر یاوەریفوروشان وتی: بانگەشەی بەرزبوونەوەی لەسەدا ٥٠ی نرخی میوە بەتەواوی درۆیە و شتێکی لەو جۆرە لە بازاڕدا نابینرێت، بەڵام هەندێک کەلوپەلی بەکارهێنراو وەک پیاز و تەماتە و پەتاتە بەرزبوونەوەی نرخیان بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دۆخەش لەبەر ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە شۆفێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر کەمکردنەوەی ڕێژەی گازۆیل، گرانیی تێچووی بیمە، کەمی ڕێژەی گواستنەوەی بار و داواکارییەکانی دیکەیان کە لە سەندیکا جێبەجێنەکراون، مانیان گرتووە. ئەوەش بوەتە هۆی ئەوە کە ژمارەیەک شۆفێر ڕووبەڕووی هێرشی توندوتیژی هێزە بەناو ئەمنییەکان ببن و گیراون.