بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤، دوو گەنجی کۆڵبەر بە ناوەکانی کوروش مورادی و ڕزگار وەتەن دووست، خەڵکی گوندی "سپیار" سەر بە سەروئاوا كەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی حکوومەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کوروش مورادی بە هۆی تەقە لە سینگ و ملی گیانی داوە و ڕزگار وەتەن دوستیش بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی مەریوان خەوێندراوە و لەژێر چارەسەری بەپەلە دایە. ڕووداوەکە لە بەرزاییە سنوورییەکانی دزڵی و دەرەکی ڕوویداوە، شوێنێك کە ئەو دوو کۆڵبەرە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەری دیكە بەوێدا تێپەڕیون و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرشیان کراوەتە سەر.ئەم ڕووداوە جارێکی تر شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێو كۆڵبەران و خەڵکی ناوچەکەدا دروست کردووە و سەرنجی بۆ دۆخی نائەمنی و نامرۆڤانەی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان ڕاکێشاوە.