دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نوێترین لێدواندا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە میدیای پەکەکەی ڕاگەیاند "حکوومەتی تورکیە تەنانەت بچوکترین چاکسازیی یاسایی پێویستیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەکردووە. ناکرێت پرۆسەکە بە هەنگاوی تاکلایەنە یان تەنها وتاری نیازپاکی بەردەوام بێت. دەبێت دەسەڵات هەنگاوی جددی بۆ بنێت."وەکوو ئەوەی دوران کاڵکان باسی کرد "پەکەکە بڕیاری داوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی 12ـەمین کۆنگرە پەیوەستە بە کارکردنی ئازادانەی ئۆجەلان. بەڕێوەبردنی پرۆسەی چەک دانان تەنیا بە خودی ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و ئەگەر ئازادیی کارکردنی بۆ دابین نەکرێت، پەکەکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێت. جگە لە ئۆجەلان کەسی تر ناتوانێ چەک بە پەکەکە دابنێت. دەسەڵات هیچ جددییەتەکی نییە، بۆیە وەک پەکەکە پەلە ناکەین لە بڕیاردان." هاوکات، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە بە ڕۆژنامەیەکی وڵاتەکەی ڕاگەیاند "پەکەکە بڕیارێکی گرنگی داوە بۆ چەکدانان و پێویستە بە زوترین کات بڕیارەکەی جێبەجێ بکات."وەزیری دەرەوەی تورکیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی چەکدانان دەکەین. لەوبارەیەوە سەرقاڵی چەند کارێکین، لە کاتی تەواوبوونیان، ڕای گشتییان لێ ئاگادار دەکەینەوە کە پرۆسەکە چۆن دەبێت و بەچی شێوازێک هەنگاو دەنرێت.