کارگەکانی سیمان دادەخرێن و نرخی زۆرتر دەبێ
لە ئەنجامی داخستنی بەرفراوان لە کەرتی پیشەسازیدا، نرخی سیمان لە بازاڕی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ڕێژەی 111% زیادی کردووە و بە بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستاش بە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی یەکەکانی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 228% بەرزبووەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی سیمان، دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ کەرتەکانی دیکەش بگوازرێتەوە، بەتایبەتی چالاکییەکانی بیناسازی و نرخی خانووبەرە. ماڵپەڕی ڕۆژنامەی همشەهری نووسیویەتی ئەم بازدانە بێ وێنەیەی نرخ دەگەڕێتەوە بۆ کوژانەوەی لەناکاوی کارەبا و گاز لە کارگەکاندا کە بەرهەمهێنانی بۆ نزیک لەسەدا ٥٠ دابەزیوە. هەروها کۆمپانیای کارەبا لە نامەیەکی کورتدا خاوەنی پیشەسازیەکانی سیمان و پۆڵای ئاگادارکردەوە کە کارەبای یەکەکانی بەرهەمهێنانیان دەبڕدرێت.جگە لە کارەبا، لە سەرەتای مانگی پینج، گاز بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ لە چەند پارێزگایەک پچڕا و بەشێک لە یەکەکانیش ڕوویان کردە بەکارهێنانی سووتەمەنی گازۆیل. سووتەمەنییەک کە هەم تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەکات و هەم کێشەی ژینگەیی دروست دەکات.