سپای ئیسرائیل تەرمی دوو بارمتەیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە کوژراون
سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەرمی دوو بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە لە کەرتی غەززە گیراونیان دەست کەوتووە. ئەو دوو کەسە کە هاوڵاتی ئەمریکی بوون، لە ٧ی ئۆکتۆبەر لە هێرشێکی هێزەکانی حەماسدا کوژراون. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هەواڵەی ڕایگەیاند کە سپا و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا تەرمی “گادی حەکای” و “جۆدی واینشتاین”، ژن و مێردێکی ئەمریکی-ئیسڕائیلییان لە کەرتی غەززە دەرهێناوە. ئەو ژن و مێردەی لە ماڵەکەی خۆیان لە کیبوتز نیر ئۆز ڕفێندرابون، لە کێڵگەکانی دەوروبەری کیبوتز کوژراون و تەرمەکانیان لە ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە ڕاگیرابوون.