ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ چین کەمیکردوە
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلومبێرگ و بە پشتبەستن بە داتاکانی پێوەندیدار بە، بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ چین بەهۆی توند بوونەوەی گەمارۆکانەوە دابەزیوە و هەروەها داواکاریی پاڵاوگەکانی ئەم وڵاتەش کەمتر بووەتەوە. بەپێی ئەم داتایانە، هەناردەکردنی نەوتی خاو و توند بوونەوەی گازییەکانی ئێران بۆ چین، لە ١١ی بانەمەڕ تاکوو ١٠ی جۆزەردان گەیشتووەتە ١.١ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەم ماوەیە لە ساڵی پێشوودا، نزیک بە ٢٠٪ دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە داتاکانی کۆمپانیی "ڤۆرتێکسا" کە ئەم هەواڵدەرییە پشتی پێ بەستووە، بە تەواوبوونی پڕۆسەی ژماردن ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، چونکە لە ئێستادا نەوت هەڵگرەکان سیستمەکانی بەدواداچوونی خۆیان دەکوژێننەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژماردن و چاوەدێریکردنیان ئەستەمتر ببێتەوە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵ، پێداگریی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە بە فشاری هەمەلایەنە و توند کردنەوەی گەمارۆکان بەتایبەتی گەمارۆ نەوتییەکان، پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەگرێت. ئەمریکا دەڵێت، ڕژیمی ئاخوندی پارەی فرۆشی نەوت بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا و هەروەها پشتیوانیی لە ترۆریزم بەکار دەهێنێت.