خۆپیشاندانەکان لە لۆس ئەنجلۆس بەردەوامن
لە سێیەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی لۆس ئەنجلێس و جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لەو شارەدا، ئەو گرژییانەی کە سەرەتا لەسەر کۆچبەران سەریان هەڵدا، تا ئەو ڕادەیە پەرەی سەندووە کە گاوین نیوزۆم، پارێزگاری دیموکراتەکانی کالیفۆرنیا، ئەو کارەی سەرۆکی ئەمریکا بە نایاسایی و هەڵسوکەوتی دیکتاتۆری لە قەڵەمدا. کۆشکی سپی ئەم لێدوانانەی ڕەتکردووەتەوە و بەرگری لە کارەکەی پاسەوانی نیشتمانی کردووە. هاوکات دوای حەوتویەک لە گرژیی ئاشکرا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئیلۆن ماسک جارێکی دیکە پشتگیری لە وەڵامی ئیدارەی ترەمپ بۆ ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلێس کرد بە بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس. بە دووبارە بڵاوکردنەوەی لێدوانەکانی ترەمپ و جێگری سەرۆکەکەی، جەی دی ڤانس، دژی خۆپیشاندەران، ماسک کە پێشتر هەندێک لە پۆستە ڕەخنەگرانەکانی سڕییەوە، ئێستا شانبەشانی قسەی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی پشتیوانیی بە ئاڵای ئەمریکاوە ناردووە.