زانیاریی نوێ لەبارەی ژیانی ئەسەد و بنەماڵەکەی لە ڕووسیا ئاشکرا دەکرێت
ماڵپەری "فرانس ئینفو"ـی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا، لەسەر زاری بەرپرسێکی ڕووسی، ئاماژەی بەوە کردووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ڕيژیمی سوریە لە کۆمەڵگەی "شاری پایتەختەکان"ـی ڕووسیە دەژین و خاوەنی چەندان ئاپارتمانه. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمەڵگەکە تایبەتە بە کەسایەتییە دەوڵەمەند و ناودارەکان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان. ئاماژەی بەوەش کراوە، نرخی خانوو و ئاپارتمان لەو شوێنە زۆر بەرزە، بۆ نموونە شوێنێکی 119 مەتری چوارگۆشە، بە نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت. هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، خانەوادەی ئەسەد ساڵانێک لەمەوبەر، بە شێوەیەکی نهێنی، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سامانەکانیان بۆ ڕوسیە.