هاونیشتمانیانی بەڕێزی مەسیحی لە کوردستان!
مەسیحیەکانی ئێران و جیهان!
بە بۆنەی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا مەسیح و هاتنی ساڵی نۆێ 2020 زایینی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم و هاوباوەڕانم لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پێشکەش بە مەسیحیەکانی کوردستان، ئێران و جیهان دەکەم. لە کاتێکدا یادی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا مەسیح بەرز ڕادەگرین و هەروەها ساڵی نۆێی زایینی جێژن دەگرین،کە بەداخەوە خەڵکی ئێران بە تێکڕاو هاونیشتمانیانی مەسیحی لە ئێران و کوردستان لە گەڵ دڕندانەترین سەرکوت و چەوسانەوەی دەسەلاتداریی دیکتاتۆری ئاخوندی بەرەوروون. بە پێ زانیاریە سەرەتاییەکان زیاتر لە 1000 هاونیشتمانی کوردو ئێرانی لە ئاکامی هێرشی دڕندانەی هێزە سەرکوتگەریەکان لە ناڕەزایەتیەکانی کۆتایی مانگی سەرماوەزی 1398کۆچی خۆری شەهید کراون و ژمارەێکی بەرچاو کەوتونە زیندان و شکەنجە دەکرێن. ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران کە هیچ پێگەێکی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا نەماوە، تەنیا لە رێگە سەرکوت و قەتڵی عام و زیندانی کردنی خەڵکی شۆڕشگێر،توانیویە بەردەوام بێ لە حوکمی ناڕەوای،بەلام سەرەرای ئەو گشتە ستەم و چەوسانەوەو هەڕەشەو بێدادی و بیعەداڵەتیە، هیچ شکی تێدانیە کە دەسەلاتی ئاخوندان بە شۆرشی جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە ناو دەچێ و کاخی ستەم و بێدادی ئەو حکومەتە مەزهەبی و دواکەوتوە دەڕوخی و ئاخوندانی دژی مرۆف و دژبە هەموو ئایین و مەزهەب و دژبە دیموکراسی و دژبە مرۆفایەتی لە ناودەچن. ئاشکرایە هاونیشتمانانی مەسیحی لە کوردستان و ئێران بە شێوەێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە لایەن دەسەڵاتداری ئاخوندەکان دەچەوسێنەوەو مافە ئایینی و تاکە کەسیەکانیان بە توندترین شێوە پێ شێل دەکرێ. ئەو رژیمە ملهورە سەرچاوەی مەینەتی و ئازارەکانی تێکرای خەڵکی ئێرانەو بە روخان و لە ناوچوونی، بەشی سەرەکی ئازارو مەینەتیەکانی تێکرای نەتەوەو ئایین و مەزهەب و باوەڕەکان لە ئێراندا کۆتاییان پێ دێ. با یادی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا مەسیح و نۆێ بوونەوەی ساڵی نۆێ زایینی بکەینە هەوێنی تێکۆشان و خەباتی یەکگرتوانە بۆ لە ناوچوون و ڕوخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێراندا. لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم بە بۆنەی لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا مەسیح و هاتنی ساڵی نۆی 2020 زایینی
بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
24 دیسامبری 2019