کەشتیەکانی ڕێڕەوی تەنگەی هۆرمۆز مەترسیان لەسەرە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئاگاداری بەرزبوونەوەی گرژی و چالاکییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر کەشتیوانی بن. ڕێکخراوەکە ئامۆژگاری کەشتییەکانی کردووە لەکاتی تێپەڕین بە کەنداوی فارس و دەریای عومان و گەرووی هورمزدا وریا بن. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا کە بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر هەڕەشەکانی پەیوەست بە کەشتیوانی، بە تایبەتی باسی لە ئەو گرژییانە نەکردووە کە بووە هۆی هۆشداریدان. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەمریکا و ڕژیمی ئاخوندی خولی نوێی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ڕژیمی ئاخوندی ئەنجام بدەن. واشنتۆن هەڕەشەی کرد لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، هەنگاوی سەربازی دەگرنەبەر. وەزیری بەرگری ڕژیمی ئاخوندی هەروەها ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ناکۆکی ڕووبدات لەوانەیە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.