کوژرانی سێ کەس لە بەندەری بوشێهر
کاربەدەستانی بوشێهر ڕایانگەیاند کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی مێتانۆل لە بەندەری دیر، سێ کوژراو و ۱۰ برینداری لێکەوتەوە. بە وتەی کورۆش دێهقان، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە پارێزگاری بوشێهر، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی ساردکردنەوەی تانکییەکەن. حەسەن موسەوی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە و فریاگوزاری پزیشکی لە پارێزگای بوشێهر ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: ئاگرەکە لە تانکی میتانۆلی کۆمپانیای پترۆشیمیایی کاوە کەوتووەتەوە و دەشڵێت: “بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی ڕووداوەکە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەی بریندار و کوژراوەکان زیاتر بێت”. بە وتەی عەلیرەزا سەجادی، قایمقامی شاری دیر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتی ئەنجامدانی جۆشکاری یەکیک لە پەروانەکانی تەقینەوەیەک ڕوویداوە، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.