جموجووڵە نوێیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوێنێوە بە کشاندنەوەی خانەوادەی کارمەندانی لاوەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کوەیت و بەحرەین، دەستییان پێ کرد، ئاماژەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕژیمی ئاخوندی بە بنبەست گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، نوینەری ئەمەریکا و ڕژیمی ئاخوندی لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی گەڕێکی دیکە کۆ ببنەوە.بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکشەممەی داهاتوو، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران جارێکی دیکە لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی کۆ دەبنەوە. بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکانی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە قسەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوەیە. میدیای ئەمەریکاش هەواڵی جۆراوجۆر لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەمەریکا و ڕژیمی ئێران بڵاو دەکەنەوە، هەندێکیان پێیان وایە دانووستانەکانی ئەو دوو لایەنە گەیشتوونەتە بنبەست، هەندێکی دیکەش پێیان وایە، یەکشەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان بەڕێوە دەچن.