خواستی نەتانیاهۆ بۆ ئاشتی لەگەڵ سوریە
بەگوێرەی ئاکسیۆس، بە پشتبەستن بە دوو بەرپرسی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ بە توماس باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە سوریەی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریە دەستپێبکات، بە نێوەندگیری ئەمریکا. بەڵام پێدەچێت کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی جۆلان وەک خاڵی سەرەکی ناکۆکی بمێنێتەوە. بەگوێرەی ئاکسیۆس، بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی و دواجار بەدیهێنانی ئاشتییەکی تەواو لەگەڵ سوریە، لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی وڵاتەکە، بە دوای دانوستاندایە. ئەگەر ئەم جۆرە وتووێژانە ئەنجام بدرێت، ئەوە یەکەم دانوستانی فەرمی نێوان ئیسرائیل و سوریە دەبێت لە ساڵی ٢٠١١ەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ڕیاز، چەندین جار بیرۆکەی پەیوەستبوونی دیمەشق بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریە و ئیسرائیل وروژاندبوو.