بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی ئۆرانیۆمی لەناوبردووە.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕژیمی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە دامەزراوەی نەتەنز لە ناوەندی وڵات چەندین جار بەر هێرشی ئاسمانی کەوتوەو و وێنەی دوکەڵی تۆخ لەو شوێنە بڵاو کردووەتەوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری نەتەنز چەند تەقینەوەیەک لێکەوتەوە ئەوەش دوای چەند سەعاتێک لە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر چەند ئامانجەکانێک لە ئێران ئەنجامداوە. تەلەفزیۆنی ناوخۆی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند: “لە دامەزراوەی پیتاندنی نەتەنز لە پارێزگای ئیسفەهانەوە دەنگی تەقینەوەی تازەی لێبیستراوە.
ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ڕژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە دامەزراوەی نەتەنز لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیانی پێگەیشتووە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی دزەپێکردنی مادەی زیانبەخشی شیمیایی لە دەرەوەی شوێنەکە بەدی نەکراوە. ڕێکخراوەکە زیادی کردووە: “چەند بەشێکی شوێنەکە زیانیان بەرکەوتووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکان بکرێت.