سپای ئیسرائیل خولێکی نوێی هێرشە بەرفراوان و وردەکانی لەدژی پێگەکانی ڕژیمی ئێران و دەوروبەری کارگەی پترۆشیمی تەورێز دەستیپێکرد. ئیسرائیل بە توندی هێرشی کردە سەر چەند خاڵێك لە تەورێز و هەندێك دەڵێن پاڵاوگەی تەورێز کراوەتە ئامانج. هەروەها لە هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل، چەند شوێنێك لە مەراغە كراونەتە ئامانج. هەروەها یەكێك لە بنكە مووشەكیەکانی سپا لە كەنگاوەر کراوەتە ئامانج.
ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕژیمی ئێران و بەپێی ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، تەقینەوەیەک لە شاری پیشەسازی ئەلبۆرز بینراوەو و ستوونی دوکەڵی تۆخ بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمانی ناوچەکە.
هەروەها لە نێوان شارەكانی ئەسەداباد بۆ كەنگاوەر لە پارێزگای كرماشان ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سەربازی لەلایەن ئیسڕائیلەوە كراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ هێرشی دیكەش كرایە سەر ئەسەداباد و بە وتەی بەرپرسانی حكوومەت دوو كەس كوژراون و ٥ كەسیش بریندار بوون.