دوابەدوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و ئیسرائیل، سەرچاوە سەربازییەکان لە تاران ڕۆژی شەممە ١٤ی جۆزەردان هۆشدارییان دا کە پانتایی شەڕەکە بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تەشەنە دەکات. فەرماندە سەربازییەکانی ڕژیمی ئێران پێداگریان لەوە کردووەتەوە کە هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەکە کۆتایی نەهاتووە و قۆناغەکانی داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕێگەدایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای ترۆریستی پاسداران، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زاری ئەو فەرماندانەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو “کردەوە سنووردارانەی” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراون، کۆتایی ڕووبەڕووبوونەوەکە نەبووە و ڕژیمی ئێران درێژە بە هێرشەکانی دەدات. ناوبراو ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە ئازاربەخش و پەشیمانی هێنەر بۆ ئیسرائیلییەکان وەسف کردوە.
سەرچاوەکەی فارس زیادی کرد کە بەرپرسانی باڵای سەربازی ڕژیم پێداگریان لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامییەکەی دەکرێت بۆ لایەنی بەرانبەر قورس و تێچووی زۆر بێت.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سپای ترۆریستی پاسداران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران وتی: ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە “ وەعدەی سادق ٣” هەتا پێویست بێت بەردەوام دەبێت.