ئیسرائیل و حکومەتی ئێران بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردۆتە سەر یەکتر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانی نێودەوڵەتی لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ و داوای خۆگرتن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی نێوانیان زیاد دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە هێرشەکانی حکومەتی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ١٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون.
ڕۆژی یەکشەممە، حکومەتی ئێران چەندین ناوچە تەلئەبیبی کردە ئامانج، لەوانە ئینستیتیوتی ویزمان لە ڕێهۆڤۆت و شاری بات یام.
هاوکات پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە بات یام لە باشووری تەلئەبیب زیانێکی زۆر بەرکەوتووە و ناوچەکە بێ کارەبا بووە. سەرۆکی شارەوانی بات یام هەروەها ڕایگەیاندووە، ٦١ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.