دوابەدوای توندتر بوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە تاران، سەرچاوە ناوخۆییەکان و شایەتحاڵەکان بارودۆخێکی نائاسایی ئەمنی تاران باس دەکەن کە پاساژی مۆبایلی عەلائەدین – یەکێک لە قەرەباڵغترین ناوەندەکانی بازرگانی لە پایتەخت – چۆڵکرا. هەروەها بازاڕی گەورەی تاران بەهۆی مەترسی دووبارەبوونەوەی هێرشەکانەوە داخراوە و بوونی سەرباز لە ناوچەکەدا بەرچاوە.
لە هۆشداری مەیدانیدا ئامۆژگاری خەڵک کراوە کە خۆیان لە نزیکبوونەوە لە پەنجەرەکان و ئەو شوێنانە بەدوور بگرن کە دەڕواننە ئاسمانەوە.
لە پێشهاتێکی بەرچاودا، بەرگرییە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی خومەینی، ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و بە تەواوی لەناوچووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمەکە پەیوەندی لەگەڵ بارەگای فەرماندەیی لەدەستداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە هێڵی درێژ لە بەنزینخانەکان و شەپۆلێکی خەڵک کە پایتەخت بەجێدەهێڵن، زۆرتر بووەتەوە. دەنگی ئاگادارکەرەوە و تەقینەوە و فرۆکە جەنگییەکان کە بەسەر ئاسماندا دەسوڕێنەوە، جارێکی دیکە تارانیان وەک شارێکی جەنگاوی لێکردووە.