خەباتمێدیا: رۆژنامەی سان لە راپۆرتێکدا دەنوسێت: ئەگەر ئاڵۆزیەکان لەگەڵ ڕژیم بەرەو شەڕ بڕوات، ژێردەریایی ئەتۆمی پێوەندیدار بە هێزی دەریایی سەڵتەنەتی بریتانیا
خەباتمێدیا: رۆژنامەی سان لە راپۆرتێکدا دەنوسێت: ئەگەر ئاڵۆزیەکان لەگەڵ ڕژیم بەرەو شەڕ بڕوات، ژێردەریایی ئەتۆمی پێوەندیدار بە هێزی دەریایی سەڵتەنەتی بریتانیا ئامادەی لێدانی موشەکە لە ئێران.
هاوکات سەرۆک وەزیری ئینگلیس ووتویەتی کە ئێمە شەریکی غەمی ژەنەڕاڵەکەیان سلێمانی نابین.
بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیری ئینگلیس ڕۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک وتویەتی: سلێمانی هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر هەموومان و نەخشە داڕێژەری بەرنامەی تێکدەرانەو هەڵسووکەوتی گێرەشێوێنانە بوو لە ناوچەکە.
هەوڵەکانی ئەو بووە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی بێگوناح و هەروەها هێزە ڕۆژاواییەکان ، ئێمە بۆ مردنی ئەو تازیەبار نین.
ناوبراو لە درێژەدا دەنووسێ، ئاشکرایە هەر جۆرە دژکردەوەیەک لە بەرانبەر مردنی سلێمانی، دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی لەناوچەکەدا، کە بە قازانجی هیچ لایەک نیە.
ناوبراو لەگەڵ ئاماژە بەوەی کە سلێمانی هەڕەشەیەک بووە بۆ ناوچەکە، ووتویەتی کە ئامریکا مافی خۆی بووە کە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سلێمانی کە هەڕەشەیەکی گەورەبوو بۆ ناوچەکە، پارێزگاری لەخۆی بکات.
ناوبراو هەروەها لەگەڵ ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ڕژیم لەدژی ئامریکا، هۆشداری ئەوەی دا کە زیادبوونی ئاڵۆزیەکان لە ناوچەکەدا دەتوانێ ببێتە مەترسیەکی جددی.