سپای ئیسرائیل لە شەشەمین ڕۆژی ئۆپراسیۆنی خۆیدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە شەوی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەری هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بە هێرشی قورس شوێنی سەرەکی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژ لە تاران و چەند ناوەندێکی بەرهەمهێنانی چەکی سەر بە حکوومەتی ئێرانیان کردە ئامانج.
پێگەی تاران بۆ خێراکردن و زیادکردنی توانای پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ئامانجی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی داڕێژرابوو، هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیل پێداگری لەوە دەکەنەوە کە پیتاندن لەم ئاستەدا بۆ بەکارهێنانی ئاشتیانەی ئەتۆمی پێویست نییە.
لەو شەپۆلە هێرشانەدا، کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی خاو و پارچەی مووشەکی زەوی بۆ زەوی، کە حکومەتی ئێران دژی ئیسرائیل بەکاری هێناوە و بەردەوامە لە تەقەکردن، هەروەها شوێنەکانی بەرهەمهێنانی سیستەم و پارچەی موشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمان، کە بۆ بە ئامانجگرتنی فڕۆکە داڕێژراون، بۆردومان کران.