دوابەدوای ڕاگەیاندنی فەرمی ئاژانس لەسەر سەرکەوتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکەییە هەستیارەکانی حکومەتی ئێران، زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕژیم، تویتێکی تووڕەیی بڵاوکردەوە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی بە هاوبەشی لە هێرشەکاندا تۆمەتبار کرد و داوای لەکارلادان و دادگاییکردنی ڕافایل گرۆسی کرد. زەریف لە تویتەکەیدا هێرشی کردە سەر گرۆسی و نووسیویەتی “ڕاپۆرتی نابەرپرسانە و چەواشەکارانەی ئاژانسەکە زیانێکی قەرەبوو نەکراوی بەو ڕێکخراوە گەیاندووە، هەروەها دەبێت گرۆسی لێپرسینەوە لەهاوبەشی خۆی، لە کوژرانی کەسانی بێتاوان لە ئێران بکرێت، کە بەهۆی دەستدرێژیی ئیسرائیلەوە بووە کە ڕاپۆرتەکەی وەک بیانوویەک بەکارهێناوە”.
ئەم هێرشە زارەکییە بۆ سەر ئاژانسەکە لە کاتێکدایە کە دەزگای نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند؛
دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی شاری نەتەنز لە هێرشەکەی ئەم دواییەی سپای ئیسرائیلدا ڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە.
لە تاران باڵەخانەیەک کە بۆ بەرهەمهێنانی ڕیاکتۆر بۆ سەنتەرفیوژی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرا، ڕووخێندرا.
لە شاری کەرەج دوو باڵەخانەی سەرەکی کە پێکهاتەکانی سەنتەرفیۆژیان دروست دەکرد، بە تەواوی وێران بوون.
هەڵسەنگاندنەکە لەسەر بنەمای وێنەی مانگی دەستکردی کوالیتی بەرزی هێرشەکانی ئەم دواییە و بۆ یەکەمجار زیانەکانی ژێرخانی ژێرزەوی لە نەتەنزیش بە فەرمی نیشان دا.