دوای شەپۆلی هێرشە بەرفراوانەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی سەربازی حکومەتی ئێران، سیستەمی بەرگری ئاسمانی کە دەکەوێتە ناوچەی جاجرود چەند خولەکێک لەمەوبەر کرایە ئامانج.
سەرچاوە مەیدانییەکان باسیان لە ڕوودانی تەقینەوەی ترسناک و چالاکبوونی بەرگرییەکان لە ناوچەکە کردووە. بە وتەی شایەتحاڵان، توندی تەقینەوەکە ئەوەندە زۆر بووە کە دەنگەکەی لە ناوچەکانی دەوروبەری بیستراوە.
سیستەمی جاجرود بە ناوەندێکی بەرگری سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی تاران دادەنرێت و چەندین جار وەک بەشێک لە قەڵغانی ئاسمانی پایتەخت باسی لێوە کراوە.
هێشتا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان یان ئەگەری زیانە گیانییەکان بڵاونەکراوەتەوە و تا ئێستاش بەرپرسانی ڕژیمی ئێران وەڵامیان نەداوەتەوە.