کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە لە سەرەتای هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوەند و بنكەكانی ڕژیمی ئێران لە ١٣ ژوئن بەرانبەر بە ٢٤ی جۆزەردان، لانیکەم ١٧ زانای گرنگی ئەتۆمی كوژراون.
میدیاکانی حكوومەتی هەروەها باسیان لە کوشتنی ئەیسار تەباتەبایی، فەرەیدوون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و ئەحمەدرەزا زۆڵفەقاری، پسپۆڕی ئەندازیاری ئەتۆمی کرد.
ئەم کوشتنانە کە هەندێکیان لە "ماڵەكانیان"دا ئەنجام دراون، قووڵایی دزەی هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی ئێران نیشان دەدەن.
حکومتی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە چەندین جار دەستگیرکردنی دەیان "سیخوڕ و دزەپێکەر"ی ڕاگەیاندووە، بەڵام سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە پلاندانان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە ساڵانێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە.