ڕێکخراوی چاوەدێریی ئینتێرنێت، باس لە کارابوونەوەی ئینتێرنیتی جیهانی لە ئێران پاش پچڕانی ٦٢ سەعانی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێت بلاکس، ئینتێرنێتی جیهانی پاش ٦٢ سەعات پچڕانی بەربڵاو، بەشێوەیەکی لاواز و بەش بەش، کارا بووەتەوە.
بەرپرسانی ڕژیم لە ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردووەوە، ئینتێرنیتی خەڵکی ئێرانیان لە دۆخی هەستیاری شەڕدا پچڕاند و گیانی خەڵکیان بەتەواوەتی خستە ژێر مەترسییەوە.
پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران لەکاتێکدا بوو کە ئەرتەشی ئیسرائیل پێش ئەنجامی هێرشەکانی بۆ پاراستنی گیانی خەڵك، ڕاگەیەندراوی بەپەلەی دەر دەکرد تاکوو خەڵک ئەو شوێنە مەترسیدارانەی کە ئەگەری بوردومانیان هەیە بەجێ بهێڵن، بەڵام حکومەتی ئێران بە پچڕانی ئینتێرنێت ڕێگەی نەدەدا کە خەڵک ئاگاداری ڕاگەیەندراوەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل ببنەوە.
پچڕانی ئینتێرنێت کاروباری فریاکەوتنی بەتەواوەتی تووشی کێشە کردووە، بە شێوەیەک کە هیچ هاوئاهەنگییەک لە نێوان لایەنەکانی فریاکەوتن لە دۆخی شەڕدا نەماوە.