کۆمارییەکان لە کۆنگرەی ئامریکا بە توندی پشتیوانیان لە بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی حکومەتی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان كرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مایک جانسۆن و سیناتۆر جان تون لە پارێزگای داکوتای باشوور، ئۆپەراسیۆنەکەیان بە "هەنگاوێکی پێویست" بۆ پێشگرتن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمیی رژیمی ئێران وەسف کردووە. ئەوان پێیان وایە کە هێرشەکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەکیی ترامپ یەکدەگرێتەوە، دوای ئەوەی دیپلۆماسیەتی لەگەڵ حکومەتی ئێران شکستی هێنا.
بەڵام بەشێک لە دیموکراتەکان و ژمارەیەکی کەم لە کۆمارییەکان ڕەخنەیان لە ترامپ گرت کە بەبێ ڕاوێژکردن بە کۆنگرە هێرشەکەی ئەنجامداوە و بە "نادەستووری" ناویان بردووە. سەرچاوەکان ڕایانگەیاند کە جانسوون و تون پێش هێرشەکە ئاگاداری پلاندانان بوون.
ئەو هێرشە کە بە هەماهەنگی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، گورزێکی قورسی لە بەرنامەی ناوەکیی ڕژیم دا.