بنیامین ناتانیاهۆ، ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئیسرائیل زۆر نزیکە لە گەیشتن بە ئامانجە ستراتژیکییەکانی لە ئێران، لەوانە نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی بالیستیک و ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی حکومەتی ئێران.
ناتانیاهۆ هەروەها ئاشکرای کردووە تەلئەبیب زانیاریی "سەرنجڕاکێش"ی سەبارەت بە شوێنی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا ٦٠ی حکومەتی ئێران هەیە، هەرچەندە وردەکارییەکانی لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم لێدوانانە تەنها ڕۆژێک دوای هێرشی بێ وێنە و قورسی سپای ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی حکومەتی ئێران دێت؛ هێرشێک کە سەرچاوە سەربەخۆکان بە "ئیفلیجکەر" وەسفیان کردووە.
لە بەرامبەردا بەشێک لە بەرپرسانی دەسەڵات بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئۆرانیۆمی پیتێنراو پێش هێرشەکە چۆڵ کراوە.
ئیدیعایەک کە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەری نەخراوەتەڕوو و زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە هەوڵێکی دەزانن بۆ پەردەپۆشکردنی گورزی هەواڵگری ئیسرائیل.