بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕ ۱۴۰۴، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی حکومەتی ئێران بەتوندی وتی: بە دڵنیاییەوە.
ئەو لێدوانانە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژیم، لەوانە لە نەتەنز و ئیسفەهان هاتنە ئاراوە، کە بە وتەی کاربەدەستانی ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمی ڕژیمیان بە توندی لاواز کردووە.
ترامپ کە پێشتر لە ناتۆ ڕایگەیاندبوو کە حکومەتی ئێران لە ئێستادا توانای دەوڵەمەندکردن یان دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، ئەمجارە هۆشداریی دا کە هەر هەوڵێکی ڕژیم بۆ گەڕانەوە بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکان بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی سەربازی ئەمریکا بەرەوڕوو دەبێتەوە.