قادر خەرامانفەر، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد کە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە گیراوە، گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی وەک گیرانی دەمارەکانی دڵ، جگەری چەور، بەرزبوونی جیدیی زەختی خوێن و ئارترۆزی ئەژنۆیە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندانی مەهابادەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کراوە، بەڵام بەبێ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرەڕای تێپەڕینی شەش مانگ لە بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە، بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ترۆریستی ئیتلاعات و داواکاریی گشتیی مەهابادەوە و بە بڕیاری بەندکرانی کاتییەوە هەر لە زیندانی ئەم شارەدا ڕاگیراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان و پزیشکی تایبەتمەندیش ڕایانگەیاندووە کە قادر خەرامانفەر لە دۆخێکی ناجێگیردایە و داوایان کردووە لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا بخەوێنرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.