به پێی ڕاپۆرتی حال وەش/ ئەمڕۆ، سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٤، دوابەدوای هێرشی بەرفراونی هێزه سەربازی و بەناوئەمنییەكانی ڕژیمی ئێڕان بۆ سەر گوندی گونیچ، له بەشی کارواندەر له شاری خاش، ژنێکی بەلووچ بە ناوی خان بی بی بامری تەمەن چل ساڵ به گوللە کوژرا و لانیکەم ١١ ژنی دیکەش بریندار بوون كە دۆخی تەندروستیی دوو لەوان ناجێگیرە. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن دانیشتووانەوە نێردراوە دیمەنی ترسناکی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە ژنانی ناڕازی و هێرشی هێزەكان بۆ سەر ماڵەکانی گوندەكە نیشان دەدەن.لەم دیمەنانەدا ژنانی بەلووچ کە بە فڕێدانی بەرد بەرەنگاری هەڵمەتی ئەفسەرەکان دەبنەوە، بە تەقەی گوللەی جەنگی و ساچمە دەکرێنە ئامانج. هێزە هێرشبەرەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە پێشوەختە چوونەتە سەر شەقامەکان و تەقە لە ژنان و کچانی ناڕازی دەکەن.بەگوێرەی سەرچاوەکان، هێزە هێرشبەرەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بۆ گرتنی "ئەندامی چەکداری دژبەری ڕژێم"، چوونەتە نێو گوندەكە و بە وتەی دانیشتووانی ئەو گوندە، لە کاتی هێرشەكەدا هیچ پیاو و کەسێکی چەکدار لە گوندەکەدا نەبوون و تەنیا ژن و منداڵ لە ماڵەکاندا بوون.لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، تەقەی بەردەوام و هاوارکردنی ژنان و دیمەنی هەڵاتن و ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک دەبینرێت. هەروەها سەرچاوەکان ڕاینگەیاند کردووەتەوە کە “رێحانە بامری” ژنێکی دووگیان بەهۆی لێدانی ئەفسەرەکان و بەركەوتنی گوللەی ساچمە کۆرپەکەی لەدەستداوە.ئەمانە دیمەنی هێزێكی داڕماوی ڕژیمی ئاخوندی كە دوابەدوای شكستەكانی لە شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیل و هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسڕائیل و ئەمریكا ترسی لە سەرهەڵدانی خەڵك هەیە و بەو هۆیەوە كەوتۆتە گیانی خەڵك و تۆڵەكەی لە خەڵكێ بێدەسەڵات دەكاتەوە.