هاونیشتمانیانی خۆشهیست!
جەماوەری خەباتگێر و تیکۆشەری کوردستان!
بیرەوەری ٢ی ریبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی خۆری لە کوردستانی ئێران، بیرەوەری رووداوێکی گرینگی مێژووی خهباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی گەلی چهوساوە و دابەشکراوی کوردە، کە بۆ هەر کوردیکی نیشتمان پەروەر و هەر تێکۆشەریکی رێگای ڕزگاری وبەختەوەری گەلانی بن دەست و ڕاپەڕیو لە پێناو بەختەوەری و سەربەستی دا، بایەخی تایبەتی هەیە و جێگای سەرنج دان و رێز لێگرتنە.
٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی خۆریش، یەکێکە لەو رووداوە مێژوویانە و سەرتای نوختە گۆرانێکی گرینگ و بەرچاوە کە گەلەکەمان لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی خۆیدا تۆماری کردوە.
لەو ڕۆژە دا گەلی بەشمەینەت و نیشتمان داگیرکراوی کورد لە بەشێک لە زێد و نیشتمانی داگیرکراوی دا، توانی بە بەشێک لە مافەڕەواکانی بگا و کۆماری خودموختاری خۆی دامەزرێنی. بەم هۆیەوە کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی دەستی ستەم و بێدادی لەم بەشەی کوردستان دا، توانیان هەناسەیهکی ئازاد هەڵمژن و لە ژێر باری گرانی دەسەڵاتی داسەپاو مهزنخواز دا خۆیان قوتار کەن و تامی شیرینی ئازادی بچێژن.
ئەم هەل و دەرفەتە بۆ گەلەکەمان لە بارو دۆخ و قۆناغێک دا هاتەدی کە شەڕی دووهمی جیهانی هەڵگیرسا و دوای هێرشی ئاڵمانی نازی بۆ سەر یەکیەتی شووڕەوی ئەوکات و رێککەوتن و دامەزراندنی بەرەیهکی بە هێز لە نێوان ئەمریکا و شووڕەوی و بریتانیا دا لە دژی ئاڵمانی ئەودهم و ئیتالیا و ژاپۆن دا هاتە ئاراوە و بریاڕیان دا هێرش بکەنە سەر ئێران کە ئەودەم هاوکارێکی نزیکی ئاڵمان بوو، تێکی بشکینن و لە رێگای ئێرانەوە کەرەستە و تفاقی پێویستی شەڕ بگەیەننە شووڕەوی هاوپەیمانیان.
لە رێکەوتی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ ی کۆچی خۆری دا هێزەکانی شوڕهوی لە باکوور و هێزەکانی ئەمریکا وئینگلیسیش لە باشووری ئێرانەوە ،بە بێ هیچ جۆرە بەر هەڵستیهک لە لایەن رژیمی دیکتاتۆری حەمە رەزا شاوە، هاتنە ناو ئێران و دەستیان بەسەردا گرت و لە ئاکام دا حکومەتی رەزا شای خوێنڕێژ رووخا و، بەم هۆیەوە کۆمەلانی ماف پێشێلکراوی کوردستان دەلیوە و هەلیان بۆ رەخسا و لە زۆر ناوچە و مەلبەندی نیشتمان هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگا سەربازیە دژی گەلیەکانی حکومەت و لە ماوەیهکی کورتی چاوەڕوان نەکراو دا کۆتاییان بە دەسەڵات و پاشماوهکانی حکومەتی ڕەزا شا هێنا.
لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی خۆری دا، گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ یەکەم جار توانی رێکخراویکی سیاسی کوردستانی بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ،، ژ . ک ،، لە شاری مهاباد دامهزرێنێ. دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگ و بەرچاو بوو لە مێژووی خەباتی سیاسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا.
ئەو سازی و رێکخراوە کە لەسەر بنەمای بیر و باوەری زۆرینەی کۆمەڵانی کوردەواری، بە لە بەر چاوگرتنی داب و نەریت و کلتوری نەتەوایەتی، بە مەبەستی رزگاری نەتەوە و ئاوەدانی و پێشکەوتنی نیشتمان دەمەزرابوو، لە لایەن چین و توێژەکانی گەلی کوردەوە پێشوازی لێکرا و بوو بە جێگای رێز و متمانەی تیکڕای جەماوەر.
کۆمەلەی ژیانەوەی کورد ،، ژ . ک ،، لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٢٢ ی کۆچی خۆری یەکەم کۆنگرەی خۆی گرت و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری نیشتمان یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم کۆنگرەیە بوو.
تێکشکانی ئاڵمان و سەرکەوتنی خەباتی گەلان بە سەر فاشیزم و پاوانخوازی دا و گهشهسهندنی بیری ئازادی بە شێوەێکی بەرچاو لە ئێران دا، هەل و مەرجێکی گونجاوی بۆ ئاڵوگۆر لە شێواز و قۆناغی خەباتی گەلی کورد دا پێک هینا.
لە ٢٦ی سەرماوەزی سالی ١٣٢٤ی کۆچی خۆری دا، ئاخرین پاشماوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کە لە شارەوانی مهاباد دا بوو لە لایەن جەماوەری راپەڕیو و ماف پەروەری کوردەوە دەستی بەسەردا گیرا و بە تەواوی شاری مهاباد و ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی رەشی حکومەت رزگار کرا.
لە رۆژی ٢ی ریبەندانی ساڵی ١٣٢٤ دا، واتە حەوت رۆژ دوای دەست بەسەرداگرتنی شارەوانی مهاباد لە لایەن خەڵکەوه، پێشەوای نەمری کورد،، شه هید قازی محمد،، لە گۆڕهپانی چوار چرای شاری مهاباد حکومەتی خودموختاری کوردستانی بە بەشداری هەزاران کەس لە نوێنەری کورد لە تێکڕای پارچە داگیرکراوەکانی کوردسان، راگەیاند. بەم هۆیەوە گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا، کۆماری خۆبەڕێوەبەری خۆی دامەزراند و گوڵی سەربەستی و بەختەوەری لە یەخەی ئازادی و بە ئاوات گەیشتینی خۆی دا.
٢ی ریبەندان بوو بە وێستگەیهکی پیرۆز و ڕوداوێکی گرینگی لە بیر نەچوەوە لە مێژووی ژیانی گەلی کورد و بوو بە سەردێڕێکی زێڕینی میژووی خەباتی رەوای ئازادیخوازی و ئاشتی پارێزی و ئاوەدانی لە پێناو بەختەوەری مرۆڤایەتی لە ناوچەکە و جیهانیش دا.
بە داخەوە بە هۆی بێ ئەزموونی کورد بۆ دەسەڵات داری و خۆبەڕێوەبەری و هەل و مەرجی سیاسی جیهانی و قۆناغی تایبەتی و بێ بەڵێنی بەناو دۆست و پشتیوانانی گەل و کۆمارەکەمان، ئەم کۆمارە لە تەمەنی ١١ مانگی دا جوانە مەرگ کرا. بەو تەمەنە کەمەشەوە تائێستا کاریگەری و شوێنەوارە ئەرێنیەکانی لە بوارەکانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، رووناکبیری، دادپەروەی کۆمەلایەتی، بەرانبەری و یەکسانی، لە هەست و بیری کورد دا کاڵ نەبۆونەوە و گەلەکەمان بۆ وەدیهاتی ئاوت و ئامنجەکانی کۆمارە خۆشەویست و تاقانەکەمان لە خەبات و تیکۆشان رانەوەستاوە و تا گەیشتن بە ترۆپکی ئازادی و رزگاری و بەختەوەری ئەو رێگایە دەبڕێ.
ئیمە لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ، کە یادگاریی یەکێک لە ئەندامە بە وەفاکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و یادگاری کۆماری کوردستان واتە مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی یە، یادی ٢ی ریبەندان بەرز و بەرێز رادەگرین و هیوادارین گەلەکەمان بە خۆڕاگری و یەکریزی و درێژە بە رێبازی پڕ لە سەروەری و شانازی شەهیدانی کورد و کوردستان بدا و بە ڕووخان و نەمانی رژیمی ئاخواندی و نیزامی دیکتاتۆری مەزهەبی ویلایەت فەقیە ، بەسەرکەوتنی یەکجاری بگەین.
پیرۆزبێ بیرەوەری ٢ی ریبەندان، ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کومیتەی ناوەندی.
٢ی ڕێبهندانی ١٣٩٨