سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: ڕژیمی ئێران پرۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد دوای ئەوەی حزبوڵڵا شکستی هێنا.بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ(فۆکس نیوز) ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکەوتوو بوونە لە دواخستنی پرۆژەی ئەتۆمیی ڕژیمی ئێران بۆ چەند ساڵێک.
ئەو قسانەی ناتانیاهۆ دوای لێدوانی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران هات کاتێک باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێبکاتەوە سەبارەت بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی، عراقچی ئەوەشی خستەوە ڕوو، دانووستانەکان پرسی مووشەکە بالیستییەکان ناگرێتەوە.
لەبەردەم دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتان لە تاران، عەباس عراقچی وتی: حکومتی ئێران پارێزگاریی لە توانا سەربازییەکانی دەکات لەهەموو دۆخێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد، توانا سەربازییەکانی ڕژیمی ئێران گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاند، بە هیچ ڕێککەوتنێک ڕازیی نابن ڕێگە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بگرێت لە ئێران. وتیشی: بیرکردنەوە لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ڕژیمی ئێران،بە واتای کۆتایی هاتنی ڕۆڵی ئەوروپا دێت لە دۆسیەی ئەتۆمیی.