گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، لە شیکردنەوەیەکدا، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە نفوزی ڕژیمی ئێران بەسەر عێراقدا کەمدەبێتەوە، بە ئاماژەدان بە خۆدزینەوە لەلایەن حکومەتی عێراق لە شەڕی 12 ڕۆژەی ڕژیمی ئێران و ئیسرائیل و بەڵگەی دابەزینی نفوز و متمانەی ڕژیمی ئێران لەنێو هەوڵاتیانی عێراقدا.ئەم حەفتەنامە بەریتانییە، کە ڕۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا شیکارییەکی بڵاوکردەوە، سێ هۆی سەرەکیی دابەزینی نفوزی ڕژیمی ئێران لە عێراق خستەڕوو، کە گرنگترینیان سەرهەڵدانی نەوەی نوێی سیاسەتمەدارانە لە عێراق کە “لە ناڕەزایەتییە دژە حکومەتەکانی ساڵی ٢٠٢٠ سەرهەڵدەدەن و لە هەموو کاتێک زیاتر دەنگیان بەرزە لە دژایەتیکردنی میلیشیاکانی پاڵپشتیکراوی ڕژیمی ئاخوندی”.بەگوێرەی ئەم هەفتەنامەیە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتەی سپای ترۆرستی قودسی سپای پاسداران، کۆنترۆڵی ڕژیمی ئاخوندی بەسەر ئەو میلیشیا و گروپە بە وەکالەتانەی کە لە عێراق پشتیوانیان دەکات کەمی کرد و زۆرێکیان ڕوویان لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق کرد. هاوکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ دابەزینی نفوزی سەربازی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێی ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی؛ قۆناغێک کە بە کەمبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی شیعە و سوننە و گرنگیدان بە گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە تایبەتمەندە.