دژەترۆری کوردستانی باشوور لە دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، لە نێوان سەعاتەکانی ۱۰:۵۰ بۆ ۱۰:۵۵ خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۶ی پووشپەڕ ۱۴۰۴، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو، لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خرانە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی یەکەمی دژەترۆری کوردستان "ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە."
لە ڕاگەیەنراوی دووەمیشدا هاتووە " ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەعات ۱۰:۵۵ خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی سوورێژەی سەر بە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە، کە لەوەشدا خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.