دوێنێ دووشەممە ۳۰ی پووشپەڕ ۱۴۰۴، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی حکومتی ئێران بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، هێرشەکانی مانگی رابردووی ئەمریکا زیانی "جیددییان" بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان گەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراو لە ناوەندەکان براوەتە دەرەوە یان نا. پیداگریی لەوەش کردەوە، "رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێمە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی رادەی زیانەکانە."ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە وتەکانی عەراقچی رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران لەبارەی پێگە ئەتۆمییەکانیان وتویەتی کە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و خاپووربوون. بە دڵنیاییەوە وەکو وتم، زیانی زۆریان پێگەیشتووە."سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەگەر پێویست بکات، هێرش دەکەینەوە" سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ڕژیمی ئێران. ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ڕژیمی ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. جەنگەکە 12 رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام ، ئەمریکا هەریەکە لە پێگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی ڕژیمی ئێرانی بۆردوومان کرد.بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پێش دەستپێکی جەنگی ڕژیمی ئێران و ئیسرائیل، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی 60%. لەڕووی زانستییەوە، وڵاتەکە پێویستی بە نزیکەی مانگێک بوو، بۆئەوەی بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، ئەمەش لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست.