بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، ئاگر لە کۆگای کۆمەڵگەی بازرگانیی وێنووس کە دەکەوێتە ناوچەی ئازاد بەندەر ئەنزلی کەوتەوە. ئاگرەکە کە تا ئێستا سەرچاوەو هۆیەکەی ئاشکرا نەکراوە، بووە هۆی چۆڵکردنی بەپەلەی یەکە بازرگانییەکان و ڕاگرتنی کاتیی چالاکییەکانی ناوەندەكە.مێهدی کازمیان، وتەبێژی ناوچەی ئازاد ئەنزلی ڕایگەیاند: "سەرجەم ژوورەكان چۆڵکران و ڕێگریش لە گەشتیاران کراوە بچنە ناو کۆمەڵگەكەوە".ڕووداوەکە لە یەکێک لە پڕ هاتووچۆترین وەرزە گەشتیارییەکانی ناوچەی ئازاد ئەنزلی ڕوویداوە و نیگەرانیی كاسبكاران و گەشتیارانی لێکەوتووەتەوە.هاوکات یەک مانگ دوای ئاگربەستی نێوان ڕژیمی ئاخوندی و ئیسرائیل، شەپۆلێکی ئاگر، تەقینەوە و دەنگی ترسناک لە شارەکانی ئێران بەردەوامە. لە هەمان کاتدا کاربەدەستانی ڕژیمی دیکتاتوری ئاخوندی "دزەکردنی گاز"، "ناچالاکی تەکنیکی" یان "پاککردنەوەی تەقەمەنی" وەک هۆی ئەم ڕووداوانە ناودەبەن