ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بۆ دووەم شەوی لەسەریەک، دەیان هاووڵاتیی سەبزەوار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەردەوامیی پچڕانی کارەبا، قەیرانی کەم ئاوی و وەڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ناکارامە لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە. ئامادەبووانی گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی توند دژ بە ڕژیمی گەندەڵی ئاخوندی ئێران تووڕەیی خۆیان لە دۆخی ئێستا دەربڕی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئاخوندی بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکی ناڕازیان داوە، بەڵام سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنی، دەنگی ناڕەزایەتی بەردەوام بوو. ئەو ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە زۆرێک لە شارەکانی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بێ كارەبایی، کەمی ئاو بوونەتەوە و ناڕەزایەتیی خەڵكیش بە خێرایی تەشەنە دەکات.