دەقی ڕاگەیندراوەکە
ڕۆژی پێنج شەممە ٢ ی گەلاوێژ لەكێوی ئاویەرو بەزاییەكانی دەوروبەری لەشاری سنە ئاگرێكی بەرین هەڵگیرسا كە بەزوویی خەڵكی سنەو چالاكانی ژینگە پارێز لەو شارەو بەتایبەت ڕێكخراوی "شنەی ژینگەپارێز"ی لەهەوڵی كوژانەوەی ئاگركەدا بوون. بەپێی ڕاپۆرتەكان دەسەڵاتدارانی ڕژیم و ئیدارەی ئاوركوژێنەوە كەمترین هەوڵیان لەكوژاندنەوەی ئاگرەكە داوە، بەداخەوە یەكێك لەئەندامانی ڕێكخراوی ژینگە پارێزی شنەی ژینگە پارێزی شاری سنە بەناوی حەمید مورادی بەهۆی زۆری ڕادەی سووتاویی شەهید بوو و ٦ كەسی دیكە بەناوەكانی موحسن حسین پەنایی، مستەفا هووژەبەری، خەبات ئەمینی، کەیوان مەنسووری، ئاریاس سەلیمی و چیاکۆ یوسف نژاد بەتوندی برینداربوون. ئاشكرایە دەست و پێوەندەكانی ڕژیم لەهەڵایساندنی ئاگر لەدارستانەكانی كوردستان دەستیان هەیە. بەپێی ڕاپۆرتەكان هەر دوێنێ ٢ی گەلاوێژ ئاگر لەكێوی "گەردەنەی خان" لەبانە کڵپەی سەندوە كە بەهەوڵی ژینەگەپارێزان و خەڵكی خەمخۆر كوژێندراوە.
هەروەها ئەمرۆ هەینی ٣ی گەلاوێژ ئاگر لە"دۆڵەبێ، گێڵی كەران و سۆفی بلە" لەناوچەی مەریوان گڵپەی سەندوە كە داوا لەخەڵك و ژینگە پارێزان دەكرێ بەپەلە بۆ كوژانەوەی ئاگر بەرەو ئەو ناوچانە بچن.
سازمانی خەبات لەگەڵ سەرەخۆشی بەخانەوادەی شەهید حەمید مورادی و خەڵكی قارەمانی شاری سنەو ڕێكخراوی شنەی ژینگە پارێزی ڕادەگەیێنێ و سپاس و پێزانین بەجەماوەری خۆڕاگری كوردستان، ژینگە پارێزان، خەمخۆران و تێكۆشەرانی كوردستانی ئازیزمان پێشكەش دەكات.