ئەمڕۆ شەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤، پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی جەیش ئەلعەدل و هێزەکانی ڕژیم و هێزە ئەمنییەکانی نێردراو بۆ بینای دادوەری ناوەندی سیستان بەلووچستان بەردەوامە و دەنگی تەقەی بەردەوام لە دەوروبەری دادگا دەبیسترێت. سەرچاوە ناوخۆییەکان بە “حال وەش”یان ڕاگەیاندووە کە ئەو پێکدادانانە لە دەوروبەری سەعاتی ٨:٥٠ دەستی پێکردووە.ماوەیەکی کەم دوای ئەو ڕووداوە، جەیش ئەلعەدل بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی کورت ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرت و ڕایگەیاند “ئۆپەراسیۆنی دادپەروەریی باسک" (بازووی دادپەروەری) لەلایەن کۆمەڵێک لە "فەداییانی عەدل ئیلاهی" بە ئامانجی هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی قەزایی زاهیدان دەستیپێکردووە. ئەو هێزە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە بەرەنگاربوونەوەی "ستەمکاریی سیستەمی قەزایی ڕژیمی ئاخوندی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی سووننەی بەلووچ" بووە.هاوکات سپای ترۆریستی پاسداران و میدیاکانی سەر بە ڕژیم ئامارە سەرەتاییەکانیانی کوژراوانی ڕاگەیاندوە؛ بەپێی ڕاپۆرتی حال وەش، بە پشتبەستن بە پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای قودسی سپای ترۆریستی پاسداران، لە ئاكامی ئەو هێرشەدا تا ئێستا ٦ کەس کوژراون و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم ژمارەیە پەیوەندیی بە کارمەندانی دەزگای قەزایی و بەكرێگیراوانی ئیتلاعات کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون هەیە. لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژیم باسیان لە کوژرانی سێ کەس لە هێزەکانی جیش ئەلعەدل کردووە. بەم پێیە کۆی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەو ڕووداوە تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە گەیشتووەتە ٣١ کەس.