رێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس رایگەیاند، یەکێکی دیکە لە ژینگەپارێزانی شاری سنە کە لە ئاگرەکەی چوار رۆژ لەمەوبەری چیای ئاویەری بە سەختی بریندار بو، پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، چوە ڕیزی شەهیدانی ژینگەی شاری سنە. بە گوێرەی رێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس، چیاکۆ یوسفنەژاد و خەبات ئەمینی، دوو لەو ژینگەپارێزانەن کە بەشداریان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دارستانەکانی چیای ئاویەری سنە دا کردبوو و بە سەختی بریندار ببوون، ئەم شەو لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە، کاک چیاکۆ شەهید بوو. ژینگەپارێز حەمید مورادی، پارێزەر و بەرپرسی ئەنجوومەنی شنەی نەوژینی کوردستان کە لە رووداوەکەدا بریندار ببوو و بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە خەوێندرابوو، رۆژی هەینی، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە شەهیدبو.رۆژی پێنج شەممە، ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ ئاگرێکی فراوان چیای ئاویەری سنەی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتا. ئاگرەکە سەعات 12 و نیوی نیوەڕۆی پێنجشەممە کەوتەوە و تاوەکو ئێوارە بە هەوڵی ژینگەپارێزانی خۆبەخش کۆنترۆڵ کرا، بەڵام 8 کەس لە ژینگەپارێزان بریندار بوون کە برینی شەش کەسیان سەخت بوو. لە سالی 1397وە 9 ژینگەپارێز لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان لە مەریوان، پاوە، کامێران و سنە شەهید بون.